لەشی مرۆڤ زۆر لەبارە بۆ كۆبوونەوەی بڕێكی زۆری چەوری لەژێر پێستدا، واتە زیادبوونی كێش و قەڵەوی. لەو كاتەی كە بڕی وزەی وەرگیراو لە خۆراك پتر بێت لە بڕی وزەی سەرفكراو بە جوڵە ئەوا لەش وزەی زیاد وەكو وزەی یەدەگ پاش چەندین زیندە كارلێكی كیمیایی لەژێر پێستدا بە شێوەی چەوری یان بەز كۆدەكاتەوە. لە منداڵان و لە پێش تەمەنی باڵغبوون و هەرزەكاریدا كە كێشی لەش لەبەر هەمان هۆكاری پێشوو زیاد دەكات ئەوا چەورییە زیادەكە بەسەر هەموو بەشەكانی لەشدا بە یەكسانی دابەش دەبێت، واتە هەموو بەشەكانی لەشی وەكو یەك خرپن دەبێت. لەپاش تەمەنی باڵغبوون و لە پێگەیشتووەكاندا كە رێژەی چەوری لە لەشدا زیاد دەكات ئەوا سەرەتا ناوچەی كەرش و كەمەر و سەرەوەی ران و ناوچەی سمت دەگرێتەوە، پاشان كە هێشتا زیاتر بوو ئینجا شوێنەكانی تری لەش بە دەموچاویشەوە دەگرێتەوە. شێوەی كاسەی سەر و ئێسكەكانی دەموچاو سەد لە سەد لە دایك و باوكەوە بۆ كوڕ و كچەكانیان دەگوازرێتەوە، جا لەوانەیە كە شێوەی دەموچاو خڕ بێت یان هێلكەیی، چوارگۆشەیی، سێگۆشەیی، بازنەیی..تاد، ئەمە هیچی لەگەڵدا ناكرێت، بەڵام بە زیادبوونێكی زۆری كێش واتە پاش كۆبوونەوەی بڕێكی زۆری چەوری لە بەشەكانی تری لەش ئینجا چەوری لە ناوچەی دەموچاو كۆدەبێتەوە و خڕی دەكات. بە ریجیمی هەڵە بەبێ وەرزش لەوانەیە كە ماسوڵكەكانی دەموچاو پوكانەوە بەخۆوە ببینن، دەرەنجام دەموچاو یەكجار لاواز خۆی پیشان دەدات.