ئارەقەكردن Sweating گرنگە بۆ رێكخستنی پلەی گەرمیی لەش، پێست ملیۆنەها گلاندی ئارەقە لەخۆدەگرێت كە پتر لە نیوەی ئەم ژمارەیە لە دەستەكاندا جێگیرن. ئارەقەكردن لە بەری دەستەكاندا Sweaty palms ئەگەرچی حاڵەتێكی باو نییە، بەڵام تووشبوو تا رادەیەكی زۆر بێزار و نیگەران دەكات، هۆكاری راستەقینەی هێشتا بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام میكانیزمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی چالاكی كۆئەندامی دەماری سیمپەپاوی Sympathetic كە هانی گلاندەكانی ئارەقە لە دەستەكان دەدات بۆ زیاتر ئارەقەكردن بە بێ بوونی هاندەرە سروشتییەكانی ئارەقەكردن وەكو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی یان شێداری هەوا. ئەگەرچی بە سترێس یان شەكەتی دەروونی توندی ئارەقەكردنەكە زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمە سەلمێنراوە كە هۆكاری جەستەیی لەپاڵە نەك دەروونی كە خۆی لە تێكچوونی فرمانی كۆئەندامی دەماری سیمپەپاویدا دەبینێتەوە، تا ئێستاش هۆكارە قووڵەكان لەپاڵ ئەم تێكچوونە نەزانراون. خۆشبەختانە ئێستا گەلێك دەرمان لەبەردەستدان بۆ كۆنترۆلكردنی ئارەقەی لەپی دەست ئەگەر چارەسەری یەكجارەكی نەبێت، بەڵام تووشبوو دەتوانێت كە بەم گرفتەوە بە وەرگرتنی دەرمان ژیانێكی ئاسایی بەسەر بەرێت.