چۆن فریاگوزاريی بووژاندنەوەی دڵ و هەناسە ئەنجام دەدەیت؟

چۆن فریاگوزاريی بووژاندنەوەی دڵ و هەناسە ئەنجام دەدەیت؟
بووژاندنەوەی دڵ و هەناسە CPR هەنگاوێكی گرنگی فریاگوزاری خێرایە بۆ رزگاركردنی ژیان لەكاتی وەستانی هەناسە یان وەستانی دڵدا، بۆ نموونە لەكاتی خنكان، هێدمە یان لێدانی كارەبا Electric shock، نۆرەی دڵ. ئەم كرادرە بریتییە لە دابینكردنی ئۆكسجین بۆ سییەكانی نەخۆش لەگەڵ فشاردانی سینگ بە مەبەستی هێشتنەوەی هاتووچۆی خوێنی ئۆكسێنراو تا كاتی گەڕانەوەی هەناسە و لێدانەكانی دڵ. شانەكانی مێشك لەناودەچن ئەگەر بۆ ماوەی چەند خولەكێك خوێنییان لێببڕێت، بۆیە پێویستە كە كرداری بووژاندنەوەی دڵ و هەناسە بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی كە نەخۆش دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە. پاش تێبینیكردنی وەستانی هەناسە یان لێدانەكانی دڵ، سەرەتا تەلەفۆن بۆ ئەمبیولانس بكە، پاشان زوو دەست بە هەنگاوەكانی بووژاندنەوەی دڵ و هەناسە بكە. نەخۆش لەسەر پشت پاڵ بخە، بە هەر دوو دەست لەسەر یەكتر فشار بخەرە سەر ناوەڕاستی سینگ بە رێژەی 100 جار لە یەك خولەكدا، واتە هەر فشارێك لە یەك چركە خێراتر بێت، پاشان سەری نەخۆش بۆ پشتەوە پاڵ بدە بە پاڵدانی چەنەگە، ئینجا لووتی نەخۆش بە پەنجە بگرە، هەناسەیەكی قووڵ هەڵكێشە و دەمت بخەرە سەر دەمی نەخۆش و هەموو هەوای سینگت بەتاڵ بكە ناو دەمی نەخۆش بە رێژەی یەك هەناسە لە یەك چركەدا. دەرەنجام لەگەڵ هەر 30 جار فشاردانی سینگ 2 جار هەناسە بەتاڵ بكە ناو سینگی نەخۆش تا گەیشتن بە نەخۆشخانە. هەندێك جار نەخۆش لەكاتی بووژاندنەوەدا دووچاری رشانەوە دەبێت، لێرەدا پێویستە كە سەری نەخۆش بۆ لایەك خوار بكەیتەوە و رشانەوەكە بسڕیتەوە و لەسەر فریاگوزارییەكە بەردەوام بیت.
Top