بەهای خۆراكیی پیازی شیرین

بەهای خۆراكیی پیازی شیرین
پیازی شیرین Sweet onions زێتر لە 100 ئاوێتەی سۆلفەری لەخۆدەگرێت، یەكێك لە ئاوێتە سۆلفەرییەكانی پیاز رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە رەبو و سووككردنی نیشانەكانی هەوكردن لە رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەناسەدا. پیازی شیرین دەوڵەمەندە بە فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids كە ماددەی دژەئۆسكانن و رۆڵیان هەیە لە خۆپاراستن و كۆنترۆلكردنی شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك. رۆژانە خواردنی پیازێك ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL بەرزدەكاتەوە و پەستانی خوێن دادەبەزێنێت و رێدەگرێت لە دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن. پیازی شیرین وزەیەكی كەم بە لەش دەبەخشێت و چەندین ڤیتامین تێدایە وەكو ڤیتامین B1، B6، B9 یان فۆلێت، هەروەها ڤیتامین C. سوودە تەندروستییەكانی تری پیازی شیرین بریتین لە: پاراستنی تەندروستی دڵ، یارمەتیدانی كۆئەندامی هەرس لە رێگای زیادكردنی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەدا، بەهێزكردنی ئێسك و پاراستنی لە پووكانەوە و تەنكبوون Osteoporosis، بەهێزكردنی سیستمی بەرگريی لەش دژی هەوكردن، سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی رۆماتیزمی جومگە لە ئازار و ئاوسان و سخبوون. پیازی شیرین بە بەراورد لەگەڵ پیازی ئاسایی جگە لە چێژە خۆشەكەی، رێژەیەكی بەرزتری ئاو و رێژەیەكی بەرزتری ئاوێتە سولفەرییەكان لەخۆدەگرێت، چێژە شیرینەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ رێژەیەكی بەرزتری شەكر.
Top