گەلێك كەس پاش تەمەنی باڵغبوون دوچاری زیپكەی گەنجێتی Acne vulgaris دەبنەوە و زۆر پێیەوە هەراسان دەبن. گەلێك جار بەر گوێت دەكوێت كە خواردنی گولەبەڕۆژە یان شوكولاتە دەبێتە ئەگەری سەرهەڵدانی زیپكەی گەنجێتی یان زیپكەكان خراپتر دەكات. لە راستیدا زیپكەی گەنجێتی كە باوترین نەخۆشیی گلاندە چەورییەكانی پێستە و لە تەمەنی هەرزەكاریدا لەبەر كاریگەری هۆرمۆنی بەتایبەتی ئەندرۆجینەكان سەرهەڵدەدات. لەمێژە توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان خۆراك و زیپكەی گەنجێتیدا نییە، ئەگەر هەشبێت ئەوا پەیوەندییەكی لاوازە و تەنیا لە چەند حاڵەتێكی تایبەتدا. بۆ نموونە، هەندێك سەنتەری نەخۆشییەكانی پێست پێیان باشە كە خواردنی شیر و بەرهەمەكانی كەم بكرێنەوە لەو كاتەی هەندێك لە شیر و بەرهەمەكانی هۆرمۆن لەخۆدەگرن كە ئەمانە بەرپرسیارن لە سەرهەڵدان یان وروژاندنی زیپكەی گەنجێتیدا نەك خودی شیر یان بەرهەمەكانی یان شیری ئۆرگانیك Organic كە هیچ دەرمانی هۆرمۆنی لەخۆناگرێت. هەروەها زیاد خواردنی كاربۆهیدراتی سافكراو وەكو ئاردی سپی دەبێتە هۆی گرفت لە ریكخستنی هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خانە كیراتینییەكان لە پێستدا كە پەیوەندی بە زیپكەوە هەیە، بەگشتی خۆپاراسن لە زیاد خواردنی شیرینی و چەوری لەگەڵ زیاد خواردنی سەوزە و میوە و خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو كاریگەرییەكی ئەرێنییان هەیە بۆ زوو چاكبوونەوەی زیپكەی گەنجێتی.