مەشقی فیزیكی زۆر پێویستە بۆ تەندروستيی منداڵ

مەشقی فیزیكی زۆر پێویستە بۆ تەندروستيی منداڵ
چالاكیی جەستەیی یان فیزیكی Physical Activity مام ناوەندی بۆ منداڵ گرنگی زۆری هەیە بۆ پاراستنی تەندروستيی جەستەیی و تەندروستيی دروونی. لە ساڵی 2005 دا پسپۆڕانی نەخۆشییەكانی منداڵان بە توندی جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە منداڵ لە تەمەنی قوتابخانەدا رۆژانە بە لای كەم 60 خولەك مەشقێكی وەرزش مام ناوەندی Moderate یان توند Vigorous ئەنجام بدات، ئێستاش ئەم رێنماییە لە لایەن چەندین پسپۆر و سەنتەری پزیشكیدا دوپات دەكرێتەوە. بە پێی زۆربەی لێكۆڵینەوەكان، منداڵ هەر لەپاش تەمەنی 2 ساڵیدا پێویستە كە رۆژانە یەك كاتژمێر مەشقێكی وەرزشيی مام ناوەندی تا مەشقێكی وەرزشیی توند لە هەموو رۆژەكانی هەفتەدا ئەنجام بدات. جۆرە گونجاوەكانی مەشقی وەرزشی بۆ منداڵان بریتین لە: رۆیشتنی خێرا، پەت پەتێن Jumping rope، تۆپی سەبەتە، تۆپی پێ، لێخوڕینی بایسكل، راكردن. شۆرشی تەكنەلۆژیا وای لە منداڵان كردووە كە زیاتر كاتی خۆیان لە بەرانبەر گەمە ڤیدیۆییەكان و گەمەكانی كۆمپیوتەردا بەسەر بەرن كە هیچ چالاكیی فیزیكی ناوێت، بەمەوە زیانی تەندروستییان پێدەگات. لە لایەنی تیۆرییەوە، وا باشترە كە ئەم 60 خولەكەی مەشقی وەرزشی لە قوتابخانەدا ئەنجام بدرێت، بۆیە پێویستە كە لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستاندا گرنگییەكی زۆر بە رۆشنبیری فیزییكی و چالاكی وەرزشی بدرێت.
Top