لەش بە بەركەوتن بە تیشكی خۆر توانای دروستكردنی ڤیتامین D لە پێستدا هەیە، هەروەها سەرچاوەی سەرەكی بۆ دابینكردنی ڤیتامین D بەر لە خۆراك تیشكی خۆرە. زۆر كەس ئەو پرسیارە دەكەن كە ئایا ماوەی چەند خۆدانە بەر تیشكی خۆر بەسە بۆ دابینكردنی پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین D، ماوەی خۆدانە بە تیشكی خۆر بۆ دابینكردنی پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین D بە پێی چەند هۆكارێك جیاوازییەكی یەكجار گەورەی هەیە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر، لەمانە: جۆری پێست، شوێنی جوگرافی نیشتەجێبوون، وەرز یان كاتی ساڵ، كاتی رۆژ(بەیانی، نیوڕۆ یان ئێوارە)، هەروەها جۆری ئەتمۆسفیر. بۆ نموونە لە رۆژێكی مانگی تەموورزدا كە ئاسمان ساف بێت، بە شێوەیەكی گشتی بۆ دابینكردنی نزیكەی 25 مایكرۆگرام واتە 1000 یەكەی جیهانی لە ڤیتامین D پێویستە كە دەموچاو و باسك و دەستەكان بۆ ماوەی 10خولەك بدرێنە بەر تیشكی خۆر، كەچی لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ دابینكردنی هەمان بڕی ڤیتامین D پێویستیمان بە نیو كاتژمێر بەركەوتن بە تیشكی خۆر دەبێت. دەبێ ئەوەش لە یاد نەكەین كە ئەو كەسانەی كەمی ئەم ڤیتامیەنیان هەیە یان پێویستییان بە بڕی زیاتر هەیە، پێویستە كە كاتێكی زۆرتر خۆیان بدەنە بەر تیشكی خۆر. هەروەها پێویستە ئەمەشمان لەبیر بێت كە بەركەوتن بە تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر بەبێ بەكارهێنانی هۆیەكانی خۆپاراستن لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست و زوو پیربوونی پێست زیاد دەكات.