پرۆتینەكان Proteins لە یەكەی بچووك پێكهاتوون بە ناوی ترشە ئەمینییەكان كە زۆر گرنگن بۆ بیناكردنی لەش و گەشە و پاراستنی لەش و چاكبوونەوەی لەش پاش هەر نەخۆشی و نادروستییەك وەكو چاكبوونەوەی برین. لە رابردوودا، پرۆتین ئاژەڵی بە پرۆتینی كلاسی یەكەم و پرۆتینی رووەكی بە پرۆتینی كلاسی دووەم ناوزەد دەكران، چونكە پرۆتینی ئاژەڵی هەموو ترشە ئەمینییە سەرەكییەكان لەخۆدەگرێت، بەڵام ئێستا ئەم زاراوانە چیتر بەكارناهێنرێن، بەڵكو ماددەی پرۆتینی بەوە هەڵدەسەنگێنرێت كە چەند و كام لە ترشە ئەمینیە سەرەكییەكان Essential لەخۆدەگرێت. تێكەڵكردن و جۆراو جۆركردنی ئەو خۆراكە رووەكییانەی كە ترشە ئەمینە سەرەكییەكانیان تێدایە بەتایبەتی سۆیا، پێویستی تەواوی لەش بۆ مادەی پرۆتین دابین دەكەن بەبێ بەكارهێنانی پرۆتینی ئاژەڵی، بۆیە لێرەدا دەتوانین بە پێی زاراوە كۆنەكان پرۆتینی رووەكی بە پرۆتینی كلاسی یەكەم هەژمار بكین. سەوزەی رەنگ تاریك و تۆوەكان سەرچاوەی دەوڵەمەندی پرۆتینن و زۆریش هەرزانتر دەوەستن بە بەراورد لەگەڵ پرۆتینی ئاژەڵی وەكو گۆشت یان ماسی. ئەوە ماوە بڵێین كە میوە و سەوزەی خاو جگە لە ڤیتامین D و ڤیتامین B12 هەموو ڤیتامینەكانی تر و كانزای جۆرا و جۆر لەخۆدەگرن. لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە ژاپۆنییەكان چونكە زیاتر خۆراكی رووەكی بەكاردێنن كەمتر دوچاری نەخۆشيی دڵ دەبنەوە، كەچی فنلەندییەكان لەبەر زیاد خواردنی خۆراكی ئاژەڵی و گۆشت بە رێژەیەكی پتر دوچاری نەخۆشی دڵ دەبنەوە.