بۆچی كێشی ئافرەت لە تەمەنی 45- 55 ساڵیدا زیاد دەكات؟

بۆچی كێشی ئافرەت لە تەمەنی 45- 55 ساڵیدا زیاد دەكات؟
بە تێكڕایی لە زۆربەی ئافرەتاندا لە تەمەنی 45- 55 ساڵیدا عادە یان سووڕی مانگانە بە یەكجاری دەوەستێت Menopause كە دەبێتە هۆی دابەزێنێكی توند لە ئاستی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە هێلكەدانەكاندا، ئەمەش دەبێتە ئەگەری چەندین گۆڕانی دەروونی و جەستەیی لە لەشی ئافرەتدا. ئەمە راستییەكی زانستییە كە هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كۆنترۆلكردنی كێشی لەشدا، چونكە كاریگەريی دەكاتە سەر ئارەزووی خواردن و هەڵبژاردنی جۆری خۆراك و چالاكی فیزیكی لەگەڵ شێوەی دابەشبوونی چەوری و نیشتنی لە شوێنە جیاوازەكانی لەشدا بەتایبەتی لە دەوری كەمەر و ورگدا. هۆكاری سەرەكیی زیادبوونی كێش لەم تەمەنەدا دەگەڕێتەوە بۆ زیاد وەرگرتنی وزە لە خۆراك لەبەر زیادبوونی ئارەزووی خواردن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە لەگەڵ دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجیندا ئارەزووی خواردن زیاتر دەبێت بەتایبەتی بۆ خواردنی شیرینی و چەوری. هۆكارێكی تری زیادبوونی كێش لەم تەمەنەدا دەگەڕێتەوە بۆ كەمبوونەوەی ئاستی چالاكی فیزیكی كە هەندێك جار هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی نیشانەكانی پەیوەست بە وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە وەكو زووماندووبوون، خەمۆكی و گۆڕان لە مەزاجدا، خەوزڕان كە دەبێتە هۆی هەستكردن بە هیلاكی لەكاتی رۆژدا.
Top