گەنمەشامیPopcorn دانەوێڵەیەكی تەواوە Whole grain، بایەخی تەندروستيی هەیە لەبەر رێژە بەرزەكەی ریشاڵ و ماددەی گرنگی وەكو ئاسن و ڤیتامینەكانی B. خواردنی گەنمەشامی لەوانەیە كە ببێتە هۆی سك ئێشە و نیشانەی تر لە كۆئەندامی هەرسدا بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ بڕێكی زۆری چەوریدا ئامادەكرابێت. هەروەها خواردنی گەنمەشامی بە پەلە ئەگەری سك ئێشە زیاتر دەكات لەگەڵ كۆبوونەوەی گاز لە گەدە و ریخۆڵەدا. گەلێك جاریش نیشانەكان توندتر دەبن بەتایبەتی سك ئێشە و سكچوون لەكاتی خواردنی گەنمەشامی بە بوونی حاڵەتەكانی گرژبوونی قۆڵۆن، هەوكردنی قۆڵۆن Colitis، نەخۆشيی كرۆن Crohn’s disease. سك ئێشە پاش خواردنی گەنمەشامی ئەگەر سووك بێت لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بە هیچ چارەسەرێك ناكات بەتایبەتی لەوكاتەی كە گۆڕینی خۆراك ببێتە هۆی سووككردنی سك ئێشەكە، بەڵام لەكاتی سك ئێشەی مامناوەندی یان تونددا بەكارهێنانی دەرمانی هاوسەنگكردنەوەی ترشێتيی گەدە گرفتەكە سووك دەكات، لەوانەشە كە دەرمانی دژەئازار یان هەتا دەرمانی هێوركەرەوە بۆ كەمكردنەوەی سترێس لە هەندێك حاڵەتدا پێویست بكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خواردنی گەنمەشامی بەتایبەتی كە لەگەڵ پەنیر یان كەرە یان رێژەیەكی چەوری زۆر ئامادە كرابێت. دەكرێ گەنمەشامی بە رێژەیەكی كەمی چەوری یان بە رێگای تر وەكو هەوای گەرم یان فڕنی مایكرۆوێڤ ئامادەبكرێت.