گەشەكردنی و درێژبوونی باڵا Stature واتە گەشەكردن و درێژبوونی ئێسكەكان، لە راستیدا چاودێریكردنی باڵا و كێشی منداڵ بەر لە تەمەنی 3 ساڵی كارێكی زەحمەتە، بەڵام لەپاش ئەم تەمەنەدا تا دەگاتە كۆتایی قۆناغی باڵغبوون پێویست دەكات كە ساڵانە چاودێريی باڵا و كێشی بكرێت. بەگشتی تێكڕای گەشەكردنی باڵا لە هەر تەمەنێكدا لە یەك ئاستدا نییە، لە دوو قۆناغدا گەشەكردنی باڵا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاترە لە كاتەكانی تر، یەكەم: لە 3 ساڵی سەرەتای تەمەن، دووەم: لە قۆناغی باڵغبووندا، لە نێوان ئەم دوو قۆناغەدا باڵا بە تێكڕایی ساڵانە تەنیا 6-5 سانتیمەتر درێژ دەبێت. گەشەكردن لە قۆناغی باڵغبووندا بۆ نزیكەی 4 ساڵ بەردەوام دەبێت لەگەڵ چەند جیاوازییەك لە نێوان كوڕ و كچدا، بۆ نموونە باڵای كچ بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات لە سەرەتای قۆناغی باڵغبووندا، كەچی باڵای كوڕ لە كۆتایی قۆناغی باڵغبووندا ئینجا چەند سانتیمەترێك زیاد دەكات. جگە لە دروستی گلاندە كوێرەكان لە دەردانی بڕی تەواوی هۆرمۆنەكان و دروستی ئێسكەكان، هەندێك فاكتەر كرداری گەشەكردنی باڵا تاودەدەن لەمانە: خۆراكی هاوسەنگ بەتایبەتی بڕی تەواوی پرۆتین و كانزای ئاسن و كالسیۆم و ڤیتامین D، وەرزش كە هاوسەنگی نێوان دەروون و جەستە رێكدەخات بە مەرجێك وەرزشێكی مام ناوەندی بێت نەك وەرزشی توند و سەخت كە كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت، نووستنی تەواو چونكە رێژەی دەردانی هۆرمۆنی گەشە Growth hormone لەكاتی نووستنی قووڵدا لە گلاندی پتیوتەری زیاتر دەبێت.