زۆربەمان وزەی زیاتر لە پێویست لە خۆراكەوە وەردەگرین بێ ئەوەی كە دركی پێبكەین، بۆیە ئەگەری زیادبوونی كێش و قەڵەوی لە زیادبووندایە. لەوكاتەی كە وزە یان كالۆری زیاتر Extra calories لە پێویست لە رێگای خواردن و خواردنەوە وەردەگریت، لەش بڕی زیادی وزە بە شێوەی چەوری خەزن دەكات، ئەمەش بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشيی شەكرە و نەخۆشيی دڵ و جەڵتەی مێشك و هەندێك جۆری شێرپەنجە زیاتر دەكات. بە تێكڕایی پیاو رۆژانە پێویستی بە تەنیا 2500 كالۆری وزە هەیە، ئافرەتیش پێویستی بە تەنیا 2000 كالۆری وزە هەیە. بۆ یەكێكی ئاكتیڤ كە بەردەوام لە جوولەدایە یان پیشەكەی زیاتر پشت بە جوولەی فیزیكی دەبەستێت یان بۆ وەرزشوانێك وزەی زیاتر پێویست دەكات، هەروەها بۆ ئەو كەسانەی كە ئاكتیڤ نین و جوولەی كەم ئەنجام دەدەن یان كێشیان زیادە یان قەڵەون، بڕی كەمتری وزە پێویست دەكات ئەگینا كێشی لەشیان هێشتا زیاتر دەبێت. ئەو خواردن و خواردنەوانەی كە رێژەیەكی بەرزی شەكر یان چەورییان تێدایە، وزەیەكی بەرز لەخۆدەگرن، بۆیە زوو زوو یان زیاد وەرگرتنیان دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی وزە كە زێترە لە پێویستی رۆژانە. ئەگەر كێشت زیادە یان قەڵەویت، ئەوا تۆ رۆژانە بە لای كەم بڕی 500 كالۆری وزەی زیاتر لە پێویست وەردەگریت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە بیر لەوە بكەیتەوە و بزانیت كە ئەم وزە زیادە لە كام خواردن یان خواردنەوە هاتووە پاشان خۆراكت بگۆڕیت و بڕی وزەی رۆژانەت كەم بكەیتەوە.