پیسبوونی ژینگەی Pollution پەیوەست بە ترافیك لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشيی شەكرە زیاد بكات، ئەمە هەتا لە منداڵیشدا تێبینی كراوە. چەند شوێنی ژیان لە شەقامی قەرەباڵغ و شەقامە گشتییەكان نزیكتر بێت هێندە لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاتر بێت. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە پیسبوونی هەوا بەتایبەتی زیادبوونی رێژەی گازی دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین NO2 لە هەوادا لەگەڵ ئەو تەنۆلكانەی كە تیرەیان لە 10 مایكرۆمەتر كەمترە ئاستی بەرگریی ئینسولین resistance Insulin لە لەشدا بەرزدەكەنەوە، كە بەرگریی ئینسولین بەرز دەبێت تا ئاستێكی دیاریكراو ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم زیاتر دەبێت. بێگومان جگە لە پیسبوونی ژینگە هۆكاری تر رۆڵیان هەیە لە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرگری ئینسولین و تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە وەكو مەیلی زگماكی، كەم جوولانەوە، زیادبوونی كێش و قەڵەوی. لەگەڵ بوونی ئەم ئەگەرەشدا پەیڕەوكردنی خۆراكی هاوسەنگ و ئەنجامدانی مەشقی وەرزشیی بەردەوام هەنگاوی گرنگن بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە.