ئازاری ئەنیشك

ئازاری ئەنیشك
باوترین جۆری ئازاری جومگەی ئەنیشك Elbow pain دەگەڕێتەوە بۆ زیاد بەكارهێنانی، وەكو ئەوەی كە لە وەرزشوانانی تێنسدا بەدی دەكرێت Tennis elbow كە دەبێتە هۆی دڕانی بچووك لە شانە نەرمەكاندا بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە بەستەر دەكەوێتە سەر ئێسكەوە. ئازاری هاوشێوە روودەدات لە ئەنجامی چەندین جۆری پیشە و وەرزشدا بەتایبەتی یاری گۆلف، مەلە، هۆكی، بەرزكردنەوەی قوڕسایی، هەڵگرتنی تەنی قوڕس بۆ ماوەیەكی زۆر. میكانیزمی ئازاری جومگەی ئەنیشك دەگەڕێتەوە بۆ: لاوازبوونی ماسوولكەكانی باسك، لاوازیی لە ماسوولكەكانی شاندا، ناجێگیری جومگەی ئەنیشك، تەكنیكی هەڵە لەكاتی مەشق و یاریی تێنس و گۆڵف یان راكێتی قورس یان قەبارەی دەسكی نەگونجاو. گرفتەكە سەرەتا بە ئازاری ئەنیشك لەكاتی حەوانەوەدا دەستپێدەكات، لەگەڵ ئازار لەكاتی گوشینی دەستدا، ئازار لەكاتی كردنەوەی پەنجەكانی دەستدا، هەستكردن بە سووتانەوە لە ئەنیشكدا، لاوازبوونی توانای گرتن بە دەست، گرفت لە گرتنی شتەكان لەكاتی كشانی یان كردنەوەی قۆڵ و باسكدا. هەنگاوەكانی چارەسەركردنی ئازاری ئەنیشك بریتین لە: چارەسەری سروشتی یان چارەسەری فیزیایی بۆ بەهێزكردنی ژێیەكان، مەساجكردن بۆ شانە نەرمەكان، مەساج بە بەفر، دەرزی ژەنین، بەكارهێنانی دەرمان بۆ كەمكردنەوەی ئازار و هەوكردنی جومگە، نەشتەرگەری لە حاڵەتە سەختەكاندا كە ئازاری ئەنیشك لەماوەی 12 مانگدا كۆنترۆل نەكرابێت.
Top