رەبو چییە؟

رەبو چییە؟
رەبو Asthma واتە تەنگبوونەوەی بۆڕییەكانی هەناسە لەگەڵ ئاوسان و زیادبوونی دەردراو لە ماددەی لینج. ئەمەش هەناسە قورس و زەحمەت دەكات و دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی، كۆكە، هەروەها ویزە Wheezing واتە پەیدابوونی دەنگ لەگەڵ هەناسەدا. بۆ هەندێك تووشبووان، رەبو تەنیا ناڕحەتییەكی سووكە، بۆ هەندێكی تر گرفتێكی تەندروستی گەورەیە و كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر ژیانی رۆژانە، هەندێك جاریش تووشبووان دوچاری نۆرەی رەبوی بەهێز دەبنەوە كە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە. رەبو چارەسەری یەكجارەكی بۆ نییە، بەڵام دەكرێ نیشانەكانی كۆنترۆل بكرێن. لەبەر ئەوەی كە رەبو لەگەڵ كاتدا گۆڕانی بەسەردا دێت، پێویستە كە تووشبوو بەردەوام سەردانی دكتۆر بكات. نیشانەكان و توندی رەبو زیاتر دەبێت بە بەركەوتن بە گەلێك ماددە كە دەبنە هۆی هەستەوەری، گرنگترین وروژێنەرەكانی نۆرەی رەبو بریتین لە: تۆز و خۆڵ، تووكی پەڵەوڕ و ئاژەڵ، دوكەڵ و پیسكارەكانی تری هەوا، هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە وەكو هەڵامەت و ئەنفلوەنزا، مەشقی وەرزشی، كەش و هەوای سارد، سترێس و قەیرانە دەروونییەكان، عادە لە هەندێك ئافرەتی تووشبوودا، گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ سوورێنچك و قوڕگ، بەكارهێنانی هەندێك دەرمان وەكو ئەسپرین، پرۆفین، ناپرۆكسین Naproxen.
Top