نان سەرچاوەیەكی باش و هەرزانە بۆ ڤیتامینەكان، بۆ نموونە ڤیتامین B1، B2، B3، B6، B9 )فۆلێت)، E، D. ڤیتامین B1 گرنگی زۆری هەیە بۆ كۆئەندامی دەمار و فرمانی ماسوولكەكان، هەروەها بۆ كاری ئەنزیمەكان و میتابۆلیزمی كاربۆهیدرات و دەردانی ترشەلۆكی گەدە، كەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی زوو ماندووبوون، خەوزڕان، ناڕەحەتی دەروونی، نەخۆشیی بێری بێری Beriberi كە گرفت لە دڵ پەیدا دەكات لەگەڵ ئیفلیجبوونی دەست یان قاچەكان، پێویستی رۆژانە تەنیا 1.2 میللیگرامە. ڤیتامین B2 پێویستە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكە كاربۆهیدراتییەكانەوە، پێویستی رۆژانەی ڤیتامین B2 بۆ پێگەیشتووان بریتییە لە 1.3ملگم. ڤیتامین B3 گرنگە بۆ كۆنترۆلكردنی ئاستی كۆلیستیرۆل و گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، كەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی هەوكردنی پێست و سكچوون و لەبیرچوونەوە، پێویستی رۆژانە بۆ پێگەیشتووان 18 میللیگرامە. ڤیتامین B6 گرنگە لە كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكەوە، هەروەها گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و فرمانی دەمارەخانەكان، پێویستی رۆژانە بریتییە لە 3 ملگم بۆ كەسانی پێگەیشتوو. ڤیتامین B9 گرنگە بۆ دروستبوونی DNA و خڕۆكە سوورەكانی خوێن، هەروەها زۆر پێویستە بۆ ئافرەتی دووگیان لەوكاتەی كە كۆرپە لە چەندین سەقەتی زگماكی دەپارێزێت، پێویستی رۆژانە بریتییە لە 400 مایكرۆگرام. ڤیتامین D كلیلە بۆ میتابۆلیزمی كانزای كالسیۆم كە پێویستە بۆ بینای ئێسكی پتەو، كەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی ئێسكەنەرمە Rickets و پووكانەوەی ئێسك، پێویستی رۆژانە لە پێگەیشتوواندا 200 یەكەی جیهانییە. ڤیتامین E دژەئۆكسانێكی بەهێزە، یارمەتی سیستمی بەرگری لەش و دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن دەدات، پێویستی رۆژانە بۆ پێگەیشتووان بریتییە لە 15 ملگم.