هەڵمەتی كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان لە 29 ی ئەم مانگەدا دەستپێدەكات

هەڵمەتی كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان لە 29 ی ئەم مانگەدا دەستپێدەكات
لە رۆژی یەكشەممە كە دەكاتە 29 ی ئەم مانگە هەڵمەتی كوتان دژی نەخۆشيی ئیفلیجی منداڵان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا دەستپێدەكات. هەموو بنكە تەندروستییەكانی ناوشار و دەرەوەی شار و قەزا و ناحیەكانی هەرێم هەڵدەستن بە ناردنی تیمی پزیشكی راهێنراو بۆ هەموو ماڵ و دایەنگە و باخچەی ساوایان بۆ كوتانی هەموو منداڵێك كە تەمەنی لە ژێر 5 ساڵدایە. ئیفلیجی منداڵان Poliomyelitis نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە، زیاتر دوچاری منداڵی بچووك دەبێتەوە لە رێگای ئاو و خۆراكی ئالوودەبوو بە ڤایرۆسەكە كە بە شێوەیەكی سەرەكی پەلاماری كۆئەندامی دەمار دەدات. نیشانەكانی ئیفلیجی منداڵان بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، رشانەوە، هیلاكيی گشتی، گرژ و رەقبوونی مل، ئازار لە پەلەكاندا، لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشییەكە ئەگەری ئیفلیجبوونی هەمیشەیی زیاتر دەبێت. تاكە رێگا بۆ خۆپاراستن لە ئیفلیجی منداڵان بریتییە لە كوتان بە شێوەی دڵۆپ لە رێگای دەمەوە بە پێی خشتەیەكی تایبەت و هەڵمەتەكانی كوتان.
Top