كالۆری بەتاڵ

كالۆری بەتاڵ
گەلێك خۆراك و خواردنەوە كالۆری بەتاڵ Empty calories لەخۆدەگرن، واتە كالۆری لە شەكرە زیادەكان و چەورییە رەقەكان. ئەمانە تەنیا وزە بۆ خۆراك زیاد دەكەن بە بێ هیچ ماددەیەكی خۆراكی گرنگ لە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ و ماددە دژەئۆكسانەكان، بۆیە ئەم وزەیە بە كالۆری بەتاڵ ناوزەد دەكرێت. زانیاريی زیاتر لەسەر چەورییە رەقەكان و شەكرە زیادەكان وامان لێدەكات كە زیاتر سەبارەت بە كالۆری بەتاڵ بزانین و خواردن و خواردنەوەی تەندروستییانە هەڵبژێرین. چەورییە رەقەكان Solid fats وەكو كەرە، بەزی گۆشتی سوور، رۆنی هایدرۆجینكراو لە پلەی گەرمیی ژووردا لە دۆخی رەقیدا دەبن. شەكرە زیادەكان Added sugars واتە چەند جۆرێكی شەكر یان شەربەت كە دەخرێنە ناو هەندێك خۆراكەوە لە پیشەسازی خۆراكدا. چەند نموونەیەك كە كالۆری بەتاڵ یان چەوری رەق و شەكری زیاد لەخۆدەگرن ئەمانەن: كێك، هەویركاری، سۆدا، خواردنەوە گازدارەكان، پەنیر، پیتزا، قەنادییەكان، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks، ئایس كرێم، سۆوسەج، هۆت دۆگ، باكۆن Bacons. هەندێك خۆراك سەرەڕای ئەوەی كە كالۆری بەتاڵ لەخۆدەگرن، هەندێك ماددەی خۆراكی گرنگیش لەخۆدەگرن بۆ نموونە شیری فول كرێم، پەنیر، دانەوێڵەی شیرنكراو. بڕی كەمی كالۆری بەتاڵ تا رادەیەكی باش بێ كێشەیە، بەڵام زۆربەی خەڵك پتر لەوەی كە تەندروستییانەیە ئەم خۆراكانە بەكاردێنن.
Top