یەكێك لە رێگا سەركەوتووەكانی مەنع یان رێگرتن لە دووگیانبوون بریتییە لە بەكارهێنانی دەنكی مەنع Birth control pill، لێرەدا باسی ئەو جۆرانەی حەب دەكەین كە هەر دوو هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن لەخۆدەگرن كە لە رۆژی پێنجەمی سووری مانگانە دەستپێدەكرێت بۆ ماوەی 21 شەو. بە گوێرەی كاتی لەبیركردنی وەرگرتنی حەبی مەنع و ژمارەی حەبە فەرامۆشكراوەكان لەوانەیە كە ئافرەت دووگیان بێت. راپۆرتەكان دەڵێن كە لەبیركردنی 7 حەب یان زێتری یەك لە دوای یەك ئەگەری دووگیانبوون زۆر بەرزدەكاتەوە، ئەمەش زیاتر لەكاتی دەستپێكردنی پاكێتێكی نوێی حەبی مەنع یان لەكاتی لەبیركردنی چەند حەبێكی كۆتاییدا روودەدات. ئەگەر 1-2 حەب لە سەرەتای بەكارهێناندا لەبیربكەیت، پێویستە كە بە زووترین كات لەگەڵ وەبیرهاتنەوەدا حەب وەربگریت و پاشان بەپێی خشتە بەردەوام بیت، لێرەدا پێویست بە مەنع كردن بە رێگای تر بۆ ماوەی 7 رۆژ دەكات. ئەگەر 1- 2 حەب لە رۆژی سێیەمەوە لەبیربكەیت لە خشتەی پاكێتێكی 21 دانەیی، ئەوا پێویستە كە بە زووترین كات لەگەڵ وەبیرهاتنەوەدا حەب لەكاتی ئاسایی خۆیدا وەربگریت و بەردەوام بیت، لێرەدا پێویست بە مەنع كردنی 7 رۆژە ناكات. ئەگەر 3 حەب یان زیاتر لە 2 هەفتەی سەرەتای بەكارهێناندا لەبیربكەیت، بە زووترین كات لەگەڵ وەبیرهاتنەوەدا حەب وەربگرە و بەردەوام بە، پاشان پێویستە كە بۆ ماوەی 7 رۆژ مەنع بكرێت. ئەگەر 3 حەب یان پتر لە هەفتەی سێیەمی بەكارهێناندا لەبیربكەیت، ئەوا پاكێتی حەب فڕێ بدە و دەست بكە بە بەكارهێنانی پاكێتێكی نوێ لەگەڵ 7 رۆژ مەنع كردن بە رێگای تر.