بەهای خۆراكی خەیار Cucumbers دەگەڕێتەوە بۆ رێژە بەرزەكەی كانزای سیلیكۆن كە گرنگی هەیە بۆ پاراستنی شانە بەستەرەكانی لەش وەكو ماسوولكە و ژێ و ئێسك و كركڕاگەكان، هەروەها گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستيی نینۆكەكان. خەیار ماددەی دژەئۆكسانی تێدایە وەكو فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids بۆ نموونە كوێرسێتین و كامپفیرۆل، هەروەها جۆرێكی تایبەتی دژەئۆكسانەكان لە كۆمەڵەی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols بەناوی لیگنانەكان Lignans كە بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە لە كەمكردنەوەی نیشانەكانی هەوكردنی جومگەكان. ئەگەرچی رێژەیەكی زۆری خەیار لە ئاو پێكهاتووە، بەڵام بڕێكی لە ڤیتامین C و ترشی كافائیك Caffeic Acid تێدایە، ئەمانە پێست ساف دەكەن و ئاوسانی پێستیش كەم دەكەنەوە. لەبەر ئەوەی كە خەیار رێژەیەكی بەرزی ئاو و بڕێكی یەكجار كەم وزەی تێدایە، بۆتە خۆراكێكی سەرەكی لە بەرنامەی رێژیمی خۆراكدا بۆ رێگرتن لە زیادبوونی كێش و كۆنترۆلكردنی قەڵەوی. خەیار بە پێكهاتە گرنگەكانی وەكو ڤیتامین B9، بیتاكارۆتین یان ڤیتامین A، پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم، ریشاڵ، دەكەوێتە ناو لیستی ئەو خۆراكانەوە كە رۆڵیان هەیە بۆ كۆنترۆلكردنی پەستانی بەرزی خوێن، پێست و دەنكەكان وەكو ناوكی خەیار ماددەی گرنگ لەخۆدەگرن.