نووسراو یان لێیبلی سەر خۆراكەكان Food Labels زانیاری گرنگ سەبارەت بە پێكهاتەكانی خۆراك دەخەنە روو بۆ ئەوەی بە پێی خواست و باری تەندروستیت جۆری خۆراك هەڵبژێریت. لە نووسراوی سەر خۆراكدا بڕی یان رێژەی ماددە خۆراكییەكان بە یەكەی جیهانی یان بە پێی پێویستی رۆژانە دەبینرێن وەكو: بڕی وزە بە كالۆری یان كیلۆجول، چەوری گشتی، چەورییە تێرەكان، چەورییە ناتێرەكان، چەورییە نێوەندەكان، كۆلیسیرۆل، سۆدیۆم(خوێ)، كاربۆهیدراتی گشتی، ریشاڵ، شەكر، پرۆتین، كانزایەكان، ڤیتامینەكان. جگە لە رێكەوتی بەسەرچوون، بە وردی سەرنجی جۆر و رێژەی چەوری و شەكر و خوێ بدە كە بە ناوی جۆراوجۆرەوە دەنووسرێن، بۆ نموونە چەوری لەوانەیە كە بە ناوی ترەوە بنووسرێت وەكو: لارد Lard، سمنە Ghee یان زەیتی خورما، زەیتی گوێزی هیندی، زەیتی رووەكی هایدرۆجینكراو، تالۆو Tallow، گلیسریدە یەكان و دووانییەكان Diglycerides. هەروەها شەكر بە ناوی تر دەنووسرێت وەكو: هەنگوین، دێكسترۆز، سوكرۆز، فركتۆز، لاكتۆز، مالتۆو، گلوكۆز، دێكسترین Dextrin یان ماڵت دێكسترین، سیرۆپ Syrups. لەجیاتی خوێ لەوانەیە كە ناوی تر بنووسرێت وەكو: MSG، سۆدیۆم، سۆدای كێك یان پاودەری كێك Baking powder، براین Brine، كێڵپ Kelp، ساسی سۆیا Soy sauce.