نابێ لەكاتی دووگیانیدا ریجیم بكەیت

نابێ لەكاتی دووگیانیدا ریجیم بكەیت
ریجیمكردن Dieting هەرگیز باش نییە لەكاتی دووگیانیدا، هەتا بۆ ئەو ئافرەتانەی كە بۆخۆیان كێشیان زۆر زیادە یان قەڵەون. بە ریجیمكردن، تۆ خۆت و كۆرپەكەت برسی دەكەیت كە بەردەوام پێویستیتان بە ماددەی خۆراكی جۆراوجۆرەوە هەیە. زیادبوونی كێشی لەش بە درێژایی مانگەكانی دووگیانی تا 12- 15 كیلۆگرام دەكەوێتە نێو سنووری ئاساییەوە، ناتوانرێت كە رێگا لەم زیادبوونەی كێشی پەیوەست بە دووگیانی بگیرێت. بەشێك لە زیادبوونی كێش لەگەڵ گۆڕانەكانی پەیوەست بە دووگیانیدا روودەدات وەكو زیادبوونی قەبارەی خوێن، بەشێكی تری زیادبوونی كێش دەگەڕێتەوە بۆ كۆی زیادبوونی كێشی كۆرپە، شلەی دەوری كۆرپە، گەورەبوونی منداڵدان، گەورەبوونی مەمكەكان و كێشی وێڵاش، ئەم كێشە زیادە پاش لەدایكبوونی منداڵ نامێنێت. هەندێك جار ئافرەتی دووگیان كێشی زیاد دەكات لەبەر قەتیسەبوونی Retention شلە لە لەشدا كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فشاری منداڵدان بە قەبارە گەورەكەیەوە لەسەر لێشاوی خوێنی گەڕاوە لە قاچەكانەوە بۆ دڵ. كەواتە دووگیانی كاتێكی گونجاو نییە بۆ ریجیمكردن، لەجیاتی ئەمە پێویستە كە پەیڕەوی خۆراكێكی تەندروستییانە بكرێت. شەكری خوێن لە بەینی ژەمە سەرەكییەكاندا بۆ ئاستی زۆر نزم دادەبەزێت، ئەمەش هەستی برسیبوون پەیدا دەكات، بۆیە ئافرەتی دووگیان ناچار دەبێت كە شتێك بخوات، ئەمەش ئاستەنگێكی ترە لەبەردەم ریجیمكردندا.
Top