خۆراك بۆ تووشبووان بە خەمۆكی

خۆراك بۆ تووشبووان بە خەمۆكی
هەندێك لە تووشبووان بە خەمۆكی Depression بڕی زیادی خۆراك دەخۆن و كێشی لەشیان زیاد دەكات، هەندێك تووشبووانی تر بڕی كەمتری خۆراك دەخۆن، دەرەنجام كێشی لەشیان دادەبەزێت، ئەمەش لە هەردوو حاڵەتدا كاریگەرییەكی نێگەتیڤ دەكاتە سەر مەزاج. خۆراكێكی تەندروستییانە كاریگەرییەكی پۆزەتیڤی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری نەخۆشی دڵ، شەكرە، قەڵەوی و نەخۆشيی تر، ئێستا ئەمەش سەلمێنراوە كە خۆراكی دروست كاریگەری پۆزەتیڤ دەكاتە سەر مەزاج، ئەمەش سوودی زۆری هەیە بۆ تووشبووان بە خەمۆكی. جەختكردنەوە لەسەر زیاد خواردنی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، دانەوێڵەی تەواو، شیرەمەنی كەم چەوری، گۆشتی بێ بەز، ئەم خۆراكانە بڕی پێویستی وزە و ڤیتامین و كانزایەكان بۆ لەش دابین دەكەن. هەوڵ بدە رۆژانە بەلای كەم 3 ژەمی تەواو بخۆیت، لە بەینی ژەمەكانیش سەوزە و میوە بخۆ لەگەڵ خواردنەوەی بڕی زیادی ئاو. كە ژەمێك بەلاوە دەنێیت، ئاستی شەكری خوێنت دادەبەزێت، ئەمەش مەزاج ناخۆش دەكات لەگەڵ هەستكردن بە بێهێزی و ناڕحەتی و ماندووبوون. دووركەوە لە خۆراكی خێرا و چەورییە تێرەكان و شیرینی زیاد، هەروەها لە خواردنەوە گازدار و شیرینكراوەكان كە كالۆری بەتاڵ دەدەنە لەش و ئەگەری تووشبوون بە شەكرە و قەڵەوی و بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆل زیاد دەكەن لەگەڵ بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن و زوو دابەزینەوەی، ئەمەش وات لێدەكات كە هەست بە بێهێزی و بێ مەزاجی بكەیت. خواردنی ماسی لەبیر نەكەیت وەكو سەرچاوەیەكی باش بۆ ئۆمیگا3 كە نیشانەكانی خەمۆكی سووك دەكات.
Top