پاش قەستەرەی دڵ

پاش قەستەرەی دڵ
قەستەرەی دڵ Cardiac catheterisation پشكنینێكی گرنگە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی لە دڵ و خوێنبەرەكانی تاجی دڵ، لە هەمان كاتیشدا وەكو رێگایەكی چارەسەركردن بۆ هەندێك حاڵەت سوودی لێوەردەگیرێت، بەگشتی تێستی رۆتینی قەستەرە نزیكەی 20- 30 خولەك دەخایەنێت. پاش قەستەرە، نەخۆش بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك پێویستی بە پشوودان هەیە، زۆربەی نەخۆشەكان رۆژی دواتر دەچنەوە سەر كار و چالاكیی ئاسایی خۆیان، گەلێك نەخۆش پێویستییان بە پاراسیتۆل دەبێت بۆ سووككردنی ئازاری شوێنی قەستەرە، پێویستە كە پاش 7 رۆژ داوەكان لە شوێنی چوونە ژوورەوەی قەستەرە لاببرێن. ئاكامەكانی پاش قەستەرەی دڵ بریتین لە: ئازار و سووربوونەوە یان مۆربوون و ئاوسانی ژێر پێست لە شوێنی كونی قەستەرەدا كە بۆ چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت و پاشان لەخۆیەوە نامێنێت، هەندێك جاریش هەوكردن لەم شوێنەدا روودەدات كە پێویستی بە چارەسەر دەبێت، ئەگەر بۆیە بۆ بینینی خوێنبەرەكانی دڵ Angiogram بەكاربێت ئەوا نەخۆشی هەست بە گەرمبوونی پێست دەكات یان هەندێك كەس تووشی هەستەوەری بە ماددەی بۆیە دەبن. ئەگەرچی دەگمەنیش بێت، بەڵام لەوانەیە كە ئاڵۆزی مەترسیدار پاش قەستەرەی دڵ رووبدەن بە شێوەی: جەڵتەی مێشك، نۆرەی دڵ، برینداربوونی خوێنبەرێكی تاجی دڵ، هەورەها مردن لەكاتی قەستەرەدا.
Top