ئیفلیجبوونی مێشك

ئیفلیجبوونی مێشك
ئیفلیجبوونی مێشك Cerebral palsy واتە گرفت لە جووڵە، تۆنی ماسوولكە، گرفت لە پۆزیشنەكانی وەستان و دانیشتندا كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنێكی ناتەواو لە مێشكێكی پێنەگەیشتوودا پێش لەدایكبوون. نیشانەكان لە تەمەنێكی زوو یان پێش تەمەنی قوتابخانە سەرهەڵدەدەن كە بریتین لە: توندبوونی تۆنی ماسوولكەكانی قەد و پەلەكان، پۆزیشن و رۆیشتنی ناتەواو، جوولەی خۆنەویست، لەگەڵ چەند نیشانەیەكی پەیوەست بە ناڕێكی لە گەشە و پەرەسەندنی مێشك وەكو كەمی زیرەكی، گرفت لە بینین و بیستندا، پەركەم Seizures. هۆكاری راستەقینەی ئیفلیجبوونی مێشك لەبەر پەرەسەندنی مێشك پێش لەدایكبوون بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام فاكتەرە هاندەرەكان بریتین لە: گرفتی جینی، هەوكردن لە لەشی دایك لەكاتی دووگیانیدا وەكو سورێژەی ئەلمانی یان رۆبێللا Rubella، نەخۆشی پشیلە Toxoplasmosis، فەرەنگی Suphilis و هەوكردنی ڤایرۆسی تر، جەڵتەی كۆرپە Fetal stroke، كەمبوونی ئۆكسجین بۆ مێشكی كۆرپە بەتایبەتی لەكاتی منداڵبوونی سەخت و زەحمەتدا، هەوكردن لە مێشك یان لە دەوری مێشكی كۆرپەدا بە بەكتریا یان ڤایرۆس، زەبر بۆ ناوچەی سەری منداڵ، زەردوویی توند یان چارەسەرنەكراو پاش لەدایكبوون، لەدایكبوونی ناكام Premature birth بەتایبەتی لە ماوەی كەمتر لە 37 هەفتەی دووگیانیدا، كەمیی كێشی منداڵ لەكاتی لەدایكبووندا بەتایبەتی كەمتر لە 2.5 كیلۆگرام، دووگیانیی جمك یان زیاتر.
Top