كاریگەری كارگەكانی چیمەنتۆ لەسەر تەندروستیدا

كاریگەری كارگەكانی چیمەنتۆ لەسەر تەندروستیدا
كارگەكانی چیمەنتۆ دەبنە هۆی دەربازبوونی جیوە Mercury بۆ ناو هەوای دەوروبەر، پاشان جیوە دەنیشێتە سەر زەوی و دەگاتە ناو ئاو. جیوە كانزایەكی قوڕسە و مەترسی بۆ هەموو كەسێك هەیە و هەموو شتێك ئالوودە دەكات. گەیشتنی جیوە بە لەش چەندین گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات، بۆ نموونە لەكاتی دووگیاندا دەبێتە هۆی گرفت لە پەرەسەندنی مێشكی كۆرپە، لە پێگەیشتوواندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و گرفت لە دڵدا. جیوەی كارگەكانی چیمەنتۆ كە دەگاتە ئاو دەبێتە هۆی گرفتێكی گەورە، چونكە هەتا ماسی و بوونەوەرەكانی تری ئاو بە جیوە ئالوودە دەبن، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤدا دەبێت. جگە لە جیوە، چەندین ماددەی ژەهراوی دیكە لە كارگەكانی چیمەنتۆ دەگەنە ژینگە بەتایبەتی دیۆكسینەكان Dioxins كە پەیوەندیان بە تووشبوون بە شێرپەنجەوە هەیە، بەركەوتن بە رێژەیەكی كەمی دیۆكسینەكان دەبێتە هۆی سووربوونەوەی پێست، سووتانەوەی بۆشایی دەم، هەستكردن بە سووكبوونی سەر، هێڵنج، رشانەوە، ئازاری گشتی، ناڕحەتی گەدە، زیادبوونی گەشەی موو. شوێنی نزیكتر لە كارگەكانی چیمەنتۆ رووبەڕووی رێژەی بەرزتری دیۆكسنەكان دەبنەوە و ئەگەری گرفتە تەندروستییەكانیش زیاتر دەبێت كە لەوانەیە بگاتە نەخۆشی دڵ و نەزۆكی پیاو و ئافرەت، هەروەها نەخۆشی لە جگەر و پەنكریاس و كۆئەندامی هەناسەدا. تاكە رێگا بۆ خۆپاراستن بریتییە لە دوورخستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون لە كارگەكانی چیمەنتۆ.
Top