بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension بە بكوژی بێدەنگ Silent killer ناسراوە چونكە مەترسیدارە و بێ نیشانەیە. لە گەلێك نەخۆشدا سەرئێشە لەبەر نیگەرانی و پەستی لەپاش دەستنیشانكردن سەرهەڵدەدات. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە چارەسەر نەكرێت بەرە بەرە بەرزتر دەبێتەوە و ئەگەری ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبێت. پێویستە لەسەر هەموو كەسێك لە تەمەنی 18 ساڵ و بەسەرەوە كە بە شێوەیەكی دەوری پەستانی خوێنی لە لایەن دكتۆر پێوانە بكات. پێوانەكردنی پەستانی خوێن زیاتر و زووتر پێویستە بۆ ئەو كەسانەی كە كێشان زیادە یان قەڵەون، تەمەنیان لە 40 ساڵ زیاترە، بە خێزان نەخۆشییەكەیان هەیە، هەروەها بۆ تووشبووان بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. لە كەمتر لە 1%ی حاڵەتەكاندا پەستانی خوێن بە خێرایی تا رادەیەكی زۆر بەرزدەبێتەوە، بۆ نموونە پەستانی ژێرەوە دەگاتە نزیكەی 130 ملم جیوە، بەمەش دەووترێ پەستانی بەرزی دژوار Malignant hypertension كە مەترسيی زۆری هەیە و پێویستی بە چارەسەرێكی خێرا و راستەوخۆ هەیە. پەستانی بەرزی خوێن تەنیا لەو كاتەدا نیشانەی هەیە كە بووبێتە ئاڵۆزی لە لەشدا بەتایبەتی پەككەوتنی دڵ و خوێنبەربوون لەناو شانەكانی مێشكدا، بۆ نموونە: بۆرژان، شێوان، سەرئێشە، هێڵنج، تێكچوونی بینین، قورسبوونی هەناسە.