ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر جۆری A لە رێگای پیسایی فڕێدەدرێت، پاشان كە دەگاتە دەمی یەكێكی تر تووشی هەوكردنی دەكات. رێگاكانی گواستنەوە بریتین لە: ئالوودەبوونی خۆراك، ئاو، شیر، ماسی بەستوو بەتایبەتی Shellfish، فەراولەی بەستوو. ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی نزم، كەمی پاكوخاوێنی تاكە كەس و قەرەباڵغی هۆكاری سەرەكین بۆ تووشبوون و بڵاوبوونەوەی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەری A، بۆیە زوو شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون بەتایبەتی پاش بەكارهێنانی توالێت، پاش گۆڕینی حەفازەی منداڵ، پێش ئامادەكردنی خۆراك، پێش خواردن، بایەخی یەكجار زۆری هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، هەورەها سەفەركردن بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەگەری تووشبوون زیاتر دەكەن. خۆشبەختانە ئێستا كوتان دژی ئەم نەخۆشییە هەیە، پاش كوتان بە ڤاكسین دژی ڤایرۆسی جگەر A گەلێك نیشانەی نەخوازراو سەرهەڵدەدەن وەكو: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، هێڵنج، سەرسووڕان، بێهێزيی گشتيی لەش، هەروەها چەند زیانێكی لابەلای سووك كە بۆ ماوەی 1-2 رۆژ بەردەوام دەبن بریتین لە: سووتانەوە لە شوێنی دەرزییەكە، سەرئێشە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون. هەندێك جار ئەگەرچی دەگمەنیشە، دەرزیەكە دەبێتە هۆی هەستەوەرییەكی توند لە ماوەی 3 خولەك تا چەند كاتژمێرێك پاش بەكارهێنانی دەرزی ڤاكسین.