مێشی ناوماڵ House fly هەڵگرە بۆ نەخۆشییە گوازراوەكان، مێش میكرۆب لەسەر قاچ و مووە وردەكانی لەشیدا هەڵدەگرێت پاش نیشتنی لەسەر شوێنی پیس، تەنیا چەند چركەیەكی پێویستە كە میكرۆب بە شێوەیەكی میكانیكی بگوازێتەوە سەر خواردن یان هەر شوێنێكی تر، هەروەها مێش بە رێگای لیك و پیسایی نەخۆشی دەگوازێتەوە. مێشی پێگەیشتوو لیك بەكاردێنێت بۆ نەرمكردنەوەی خۆراكی رەق، لەم كاتەشدا هەزاران میكرۆب دەگاتە سەر خۆراكەكە. مێشی ناوماڵ بە لای كەم توانای گواستنەوەی 65 نەخۆشی بۆ مرۆڤ هەیە كە باوترینیان بریتین لە: گرانەتا (تای تایفۆئید)، دیزانتری و جۆرەكانی تری سكچوون، نەخۆشیی كۆلێرا، ئیفلیجی منداڵان، نەخۆشی سیل، سالمۆنێللا Salmonella، كرمە مشەخۆرەكان وەكو كرمی ئەسكارس و كرمی دەزوولەیی، تای پاراتایفۆید Paratyphoid fever، هەوكردنەكانی چاو وەكو تراكۆما Trachoma، كەروێشكە تا Tularemia، نەخۆشی لیپرۆسی Leprosy. بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییانەی كە بە مێشی ناوماڵ دەگوازرێنەوە، پاكوخاوێنی بە هەنگاوی یەكەم دێت، مامەڵەی تەواو و دروست لەگەڵ زبڵ و خاشاكدا، بەكارهێنانی تۆڕی تایبەت بە پەنجەرەكان و بە كونەكانی هەواگۆڕی بۆ رێگرتن لە هاتنەژوورەوەی مێش، بەكارهێنانی ئامێری ناكیمیایی بۆ قەڵاچۆكردنی مێش وەكو ئامێری تیشكی سەرووی وەنەوشەیی، قەڵاچكردنی كیمیایی مێش بە ماددەی تایبەتی بكوژی مێروو وەكو پایریسرینەكان Pyrethrins.