كام ڤیتامین بۆ منداڵ گرنگە؟

كام ڤیتامین بۆ منداڵ گرنگە؟
منداڵ كە لە قۆناغی گەشەكردندایە، ئەگەر خۆراكی جۆراوجۆر نەخوات ئەوا رێژەی پێویستی ڤیتامینەكان بۆ لەش دابین نابن كە گرنگن بۆ گەشە. گەلێك سەرچاوەی پزیشكی جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە منداڵانی تەمەن 6 مانگ تا 5 ساڵی دڵۆپی ڤیتامین بە چاودێری دكتۆر وەربگرن كە ڤیتامینەكانی A، C و D لەخۆدەگرن. زیاد وەرگرتنی دڵۆپی ڤیتامینەكان زیانبەخشە بۆ منداڵ بەتایبەتی ڤیتامین A. ڤیتامین D زۆر گرنگە بۆ گەشەی منداڵ، دابینكردنی بڕی تەواو تەنیا لە رێگای خۆراكەوە زەحمەتە چونكە تەنیا لە ماسیی چەور و هێلكەدا بە رێژەیەكی باش هەیە، باشترین سەرچاوە بۆ ڤیتامین D تیشكی خۆری بەیانی یان ئێوارانی هاوینە بە مەرجێك نەبێتە هۆی سووتانی پێست. ڤیتامین A زۆر پێویستە بۆ منداڵان، سیستمی بەرگری لەش بەهێزدەكات، یارمەتی بینین لە رووناكی كەم و لە تاریكی دەدات، پێست دەپارێزێت، سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین A بریتیتن لە: شیرەمەنی، گێزەر، پەتاتەی شیرین، مانگۆ، سەوزە گەڵا تاریكەكان بەتایبەتی سپێناغ و كەلەرم و برۆكۆلی. ڤیتامین C گرنگە لەوەی كە سیستمی بەرگری بەهێزدەكات و یارمەتی هەڵمژینی كانزای ئاسن دەدات، سەرچاوە خۆراكییەكانی بریتین لە: میوە مزرەكان بەتایبەتی لیمۆ و پرتەقاڵ، كیوی، فەراولە، برۆكۆلی، تەماتە، بیبەر.
Top