گرنگيی زەڵاتە بۆ رۆژووان

گرنگيی زەڵاتە بۆ رۆژووان
زەڵاتە Salad سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین و كانزا و دژەئۆكسان و ریشال، هەروەها زەڵاتە بە رێژە بەرزەكەی ئاو بەرگەگرتنی تێنووبوون لە لای رۆژووان زیاتر دەكات بەتایبەتی كە لە پارشێودا بخورێت. جگە لەمانە، زەڵاتە كالۆری كەم لەخۆدەگرێت، بۆیە دەبێتە بەشێكی گرنگی خۆراكێكی تەندروستییانە لە ژەمی ئیفتار یان لە ژەمی پارشێودا. زەڵاتەیەك كە بڕێكی باش و جۆراوجۆر لە میوە و سەوزەكان لەخۆبگرێت ئەوا رێژەیەكی باش لە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان دابین دەكات. با هەر جارێك زەڵاتەكان جیاواز بن، بۆنموونە جگە لە زەڵاتەی ئاسایی، میوە و كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی یان كازو لەگەڵ پاقلەمەنییەكانی وەكو نۆك و بەزالیای لەگەڵدا تێكەڵ بكە بۆ دابینكردنی زۆربەی ماددە خۆراكییە پێویستەكان كە بە هەماهەنگی سوودی تەواو دەبەخشن. گەڵا سەوزەكان كالۆری كەم و ریشاڵی زۆر لەخۆدەگرن، بۆنموونە خەیار، تەماتە، كەڵەرم، خاس، سپێناغ، گێزەر، توور، برۆكۆلی، قەرنابیت. زەلاتە دەوڵەمەند بكە بە میوەكانی وەكو ئەڤۆكادۆ، كشمش، سێو، لیمۆ، هەروەها بە پەنیر، هێلكەی كوڵاو، ماسیی تونا، گۆشتی بێ چەوری یان سینگی مریشك بە مەرجێك لەناو زەیتدا سوورنەكرابێتەوە. بۆ زیادكردنی چێژ یەك كەوچك زەیتی زەیتوون لەگەڵ یەك كەوچك یان پتر لە سركەی ترێ یان خورما یان هەر جۆرێكی سركە Vinegar بەكاربێنە. رەنگی جۆراوجۆر لە خۆراكی جۆراوجۆر بخەرە ناو زەڵاتەكەت بە پێی بەروبوومەكانی وەرز و خۆراكەكانی ناو سەلاجەكەت.
Top