دۆشاوی خورما Date syrup رۆڵی زۆری هەیە بۆ ئافرەتی دووگیان لە بەهێزكردنی دیواری منداڵدان و كەمكردنەوەی ئەگەری خوێنبەربوون و سووككردنی ئازار لەكاتی منداڵبووندا. هەورەها لەكاتی شیردانی سروشتیدا رۆڵی هەیە بۆ باشتركردنی كوالیتی شیر و بەهێزكردنی سیستمی بەرگريی لەشی منداڵ. پێكهاتەكانی دۆشاوی خورما گرنگن بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكی پاش منداڵبوون Post partum depression. دۆشاوی خورما بە رێژە بەرزەكەی كانزای ئاسنەوە، گرنگی زۆری هەیە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی و زووماندووبوون، هەروەها بە تێكەڵكردنی لەگەڵ شیردا سوودی هەیە بۆ كۆنترۆلكردنی كولبوونی گەدە، كۆكە، سووتانەوە یان كڕانەوەی قوڕگ، هەوكردنی بۆڕی هەناسە. دۆشاوی خورما پۆتاسیۆم بە رێژەیەكی زیاتر لە مۆز لەخۆدەگرێت كە گرنگی هەیە بۆ فرمانی ماسوولكەكان بە ماسوولكەی دڵیشەوە. سوودە تەندروستییەكانی تری دۆشاوی خورما بریتین لە: هاندانی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەدا، یارمەتیدانی بینین و رێگرتن لە شەوكوێری، دابینكردنی وزەیەكی باش بەتایبەتی بۆ ئیشی قورس و مەشقی وەرزشی و كەسانی وەرزشوان لەوكاتەی كە یەك كەوچكی گەورە نزیكەی 64 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت.