لەوانەیە كە ماوەیەك پاش وازهێنان لە جگەرەكێشان كێشی لەشت زیاد بكات، بەهەرحاڵ با ئەم مەسەلەیە هەرگیز نەبێتە رێگر لەبەردەم وازهێنان لە جگەرە چونكە دەكرێ بە پەیڕەوكردنی خۆراكێكی تەندروستییانە و مەشقی وەرزشی و ستایلێكی ژیان بە چاودێریی دكتۆر ببیتە خاوەن كێشێكی دروست و تەندروستییانە. ئەوە راستییەكی زانستییە كە وازهێنان لە جگەرە دەبێتە ئەگەری زیادبوونی ئارەزووی خواردن كە تا چەند هەفتەیەك بەردەوام دەبێت، گەلێك كەسیش زیاتر حەزیان دەچێتە خواردنی خۆراكی چەور و شیرین و ساردەمەنی و خواردنەوە شیرینكراوەكان كە وزەی زۆر بە لەش دەبەخشن. لەبەر ئەوەی كە جگەرە دەبێتە هۆی خێرا سووتاندنی كالۆری بۆیە وازهێنان لە جگەرەكێشان دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی سووتانی كالۆری كە ئەمەش ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش پتر دەكات. ئەو بڕە كێشەی كە لە ئەنجامی وازهێنان لە جگەرە لە هەندێك كەسدا زیاد دەبێت بە تێكڕایی دەگاتە 4-3 كیلۆگرام، تەنیا 10% ی ئەوانەی كە واز لە جگەرەكێشان دێنن بە رێژەیەكی بەرزتر كێشی لەشیان زیاد دەكات كە لەوانەیە بگاتە نزیكەی 15 كیلۆگرام. لەگەڵ ئەمەشدا سەرەتا لە هەوڵی وازهێناندا بە، بەر لە بیركردنەوە لە مەسەلەی زیادبوونی كێشی لەش، چونكە هەرگیز مەرج نییە كە هەموو كەسێكی جگەرەكێش پاش وازهێنان كێشی زیاد بكات.