بەدخۆراكی لە هەرزەكاردا

بەدخۆراكی لە هەرزەكاردا
بەدخۆراكی Malnutrition لە هەرزەكاردا حاڵەتێكی باوە و چەندین هۆكاری هەیە وەكو ناهاوسەنگیی خۆراك، كێشە دەروونییەكان، بوونی نەخۆشییەكی جەستەیی. گۆڕانە هۆرمۆنییەكان و گۆڕانە دەروونی و جەستەییەكانی پەیوەست بە هەرزەكاری Adolescence، فشاری قوتابخانە یان كار، هەموویان كاریگەری دەكەنە سەر ئارەزووی خواردن و فەرامۆشكردنی گرنگیدان بە خۆراك، بۆ نموونە نەخواردنی ژەمی بەیانییان، نەخواردنی ژەمی تەواو لەكاتی خۆیدا، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن كە زیاتر لەبەر هۆكاری دەوروونی وەكو سترێس روودەدات و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كێشی لەش. بەدخۆراكی لە هەرزەكاردا دەبێتە هۆی: كەمی وزە Lack of energy بە شێوەی زوو ماندووبوون و هەستكردن بە هیلاكی پاش چالاكییەكی فیزیكی كەم یان مامناوەندی لەگەڵ زوو هەستكردن بە شەكەتی دەروونی، تووشبوون بە كاریگەرییەكانی كەمی ماددە خۆراكییە گرنگەكان وەكو ڤیتامین و كانزایەكان، لاوازبوونی سیستمی بەرگريی لەش، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی زیاد دەكات، بۆ نموونە هەوكردنەكان بەتایبەتی هەوكردنە ڤایرۆسییەكانی وەكو هەڵامەت و ئەنفلوەنزا، كزبوون یان وەستانی گەشەی لەش، بۆیە بەگشتی هەرزەكارە بەدخۆراكەكان دەبنە خاوەن باڵایەكی كورتر لە هاوەڵە ئاساییەكانیان، لەگەڵ لاوازبوونی ماسوڵكەكان بەگشتی لە تۆن و قەبارە و بەرگەگرتن.
Top