زیاتر لە 125 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهاندا هاوێنەی لكاو Contact lenses بەكاردێنن بە مەبەستی چارەسەركردنی كزی بیینن یان بە مەبەستی جوانكاری.كە هاوێنەی لكاو دەخرێتە سەر چاو، حاڵەتەكانی وەكو سووتانەوە و هەوكردنی چینی كۆرنیا دێنە پێشەوە بەتایبەتی ئەگەر گرنگی بە پاكوخاوێنی هاوێنەكە نەدرێت پێش بەكارهێنانی. هەرگیز بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو بۆ هیچ مەبەستێك گونجاو نییە بۆ ئەو كەسانەی كە زوو زوو دوچاری هەستەوەریی چاو یان هەوكردن دەبنەوە، چونكە نیشانەكان سەختتر دەبن و زیانی زیاتر بە چاوەكان دەگات، بۆیە واباشترە كە چاویلكە لەجیاتی هاوێنەی لكاو بەكاربێنن. بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو گونجاو نییە بۆ تووشبووان بە وشكبوونی چاو و كەم فرمێسككردن، هەروەها بۆ ئەو كەسانەی كە لە دەوروبەرێكی تۆزاوی كاردەكەن. كە بۆ یەكەم جار هاوێنەی لكاو بە رێنمایی دكتۆری چاو بەكاردێنیت، لەوانەیە كە دوچاری ناڕەحەتییەكی سووك و سووربوونەوەی چاوەكان بیت لەگەڵ ناوە ناوە ڵێڵبوونی بینین، بەتایبەتی دانانی هاوێنە بۆ ماوەیەكی زۆر و بەكارهێنانی هاوێنەی رەق كە رێگا بە هاتووچۆیی ئۆكسجین نادات. هاوێنەی لكاو زۆر ناسكە، پێویستی بە مامەڵە و چاودێریی وردتر لە چاویلكە هەیە، بۆ نموونە پێویستە كە رۆژانە گرنگی بە پاكوخاوێنی بدرێت. ئێستا هاوێنەی لكاوی دیسپۆسەبل بە رەنگ و جۆری جیاوازەوە لەبەردەستدایە كە تەنیا بۆ یەك جار بەكاردێت و پاشان فڕێ دەدرێت.