ئەوەی كە رۆژووانان سەخڵەت دەكات لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا كە كەوتۆتە مانگی تەمموز تێنووبوونە. ئەگەر بڕی خوێ لە خۆراكدا زیاتر بێت ئەوا زووتر و زیاتر هەست بە تێنووبوون دەكەیت، هەروەها بە گوێرەی خۆراكی تیژ Spicy foods و خۆراكی چەور. هەوڵ بدە كە خۆراكی پرۆتینی و خۆراكی چەور كەم بخۆیت بەتایبەتی لە ژەمی پارشێودا، چونكە ئەو خۆراكانە كاتێكی زۆریان پێویستە تاكو بە تەواوی هەرس بكرێن، كەچی خۆراكی كاربۆهیدرایتی بەگشتی بۆ هەرسبوونێكی تەواو كاتێكی كەمتری دەوێت. نوشابە گازدارەكان بەتایبەتی بیبسی و كۆلا ماددەی كافائینیان Caffeine لەخۆدەگرن كە هانی گورچیلەكان دەدات بۆ زیاتر دەردانی ئاو، بەمەشەوە هەستی تێنووبوون زیاتر دەبێت، جگە لە خواردنەوە گازدارەكان مادەی كافائین لە گەلێك خواردن و خواردنەوەی تردا بە رێژەی جیاواز هەیە وەكو قاوە،چای، كاكاو، شوكولاتە، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks. ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرزی خوێ لەخۆدەگرن بریتین لە: زەیتوون، جیبس، پیتزا، دۆشاوی تەماتە، خۆراكی خێرا، كیتچەپ و ساس، ترشیات، هەروەها خۆراكە قوتووبەندەكان بەتایبەتی گۆشت و مریشك و ماسی قوتووبەند، هەروەها خۆراكی رێستورانتەكان بەگشتی رێژەیەكی بەرزی خوێ لەخۆدەگرن.