ئایا هەڵمژینی هەوا دوچاری رەبو یان هەستەوەریت دەكات؟ پیسبوونی هەوا Air Pollution لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا باوە، دوكەڵی جگەرە لە دەرەوە و لەناو ماڵەكاندا باوترین و گرنگترین پیسكارەكانی هەوایە كە پەیوەندی بەهێزی بە هەستەوەری و رەبو و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەوە هەیە. لەگەڵ پیسبوونی هەوادا، هەناسەوەرگرتن قورس دەبێت لەو كەسانەی كە هەستەوەرییان هەیە. جگە لە گازی ئۆكسجین، هەوا چەندین ماددە یان تەنۆلكەی تر لەخۆدەگرێت وەكو ماددەی ژەهراوی، میكرۆب، ماددەی بەرپرس لە هەستەوەری Allergens كە لە گەلێك كەسدا دەبنە هۆی هەستەوەری لووت و قوڕگ، رەبو، سووربوونەوەی چاوەكان. هەندێك لەم ماددانەی كە لە هەوادان بێ زیانن، بەڵام هێشتا لەوانەیە كە لە هەندێك كەسدا ببینە هۆی هەستەوەری، لەم ماددانە: گیا، تۆز و خۆڵ، پرۆتینی ئاژەڵی، پارچەی مردووی مێروو و زیندەوەری بچووك. زیادبوونی حاڵەتەكانی هەستەوەری و رەبو لە ژینگەی شارەكاندا و لە نزیك رێگا گشتییەكاندا باشترین نموونەیە بۆ بوونی پەیوەندی پیسبوونی هەوا بە نەخۆشی كۆئەندامی هەناسەوە. پیسكارە باوەكانی هەوا Air pollutants كە زیاتر دەبنە ئەگەری هەستەوەری و سەختبوونی نیشانەكان لە تووشبووان بە رەبو بریتین لە: گازی ئۆزۆن، دووانە ئۆكسیدی سولفەر، دووانە ئۆكسیدی نایترۆجین. لە لایەكی ترەوە، تەنۆلكەكانی ناو هەوای دەرچوو لە گزۆزی ئۆتۆمبیل یان دوكەڵی ئۆتۆمبیل لە هەموو جیهاندا هۆكارێكی زەقە بۆ هەستەوەری لە كۆئەندامی هەناسەدا.