سترێس Stress یان شەكەتی دەروونی حاڵەتێكە بە رێژە و توندی جیاواز رووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە و بریتییە لە دوایین خاڵ پاش چەند هۆكارێك یان چەند بزوێنەرێكی ناخۆشی دەرەكی یان ناوەكی، سترێس لەوانەیە كە كاریگەری نێگەتیڤ بكاتە سەر تەندروستی. هۆكارەكانی سترێس بریتین لە: كێشە و ململانێی ناو خێزان، جا ژن و مێرد یان دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانیان، هیلاكی لە كاردا(شەكەتیی كار و پیشە) Job stress، تووڕەبوونی بەردەوام، غەم، هەستكردن بە تاوان Guilt، گرفت لە پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێكاندا، گۆڕانی گەورە لە ژیاندا، بۆ نموونە مردنی یەكێكی نزیك، هاوسەرگیری، بوونی سترێس لە ئەندامانی خێزاندا، ململانێ لەگەڵ بیرو باوەڕ و بەهاكاندا، كێشە كۆمەڵایەتییەكان، هەژاری، تەنیایی، شەكەتی پاش كارەسات PTSD بۆ نموونە لەپاش كارەساتێكی سروشتی وەكو لافاو، بوومەلەرزە، شەڕ...تاد، گۆشەگیری یان مانەوە لە نێو چوار دیواردا وەكو ئەوەی كە لە پیر و گەلێك ئافرەتدا بەدی دەكرێت، هۆكاری جوگرافی (وەكو شوێن گۆڕكێ)، هۆكاری ماددی(پارە و سامان) وەكو ئیفلاسی یان زەرەری ماددی زۆر، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، كاركردن لە شوێنی گەرم، زیادبوونی شێداری كەش یان كاركردن لە شوێنی شێدار، غەڵبەغەڵب و قەرەباڵغی و ژاوەژاو، ژیان لە ژینگەیەكی پیسدا، نەخۆشیی ئەندامی(جەستەیی) بەتایبەتی نەخۆشییە قوڕس و درێژخایەنەكان.