ناڕەحەتی قاچەكان لەكاتی دووگیانیدا

ناڕەحەتی قاچەكان لەكاتی دووگیانیدا
دیاردەی ناڕحەتی قاچەكان RLS بریتییە لە هەستكردن بە سووتانەوە، تەزین، یان ناڕحەتی قاچەكان لەكاتی پشوودان یان لەكاتی نووستندا. نزیكەی 16% ی ئافرەتان لەكاتی دووگیانیدا تووشی دەبن. ناڕەحەتییەكە لەوانەیە كاتێكی كەم پێش نووستن سەرهەڵبدات بەتایبەتی پاش دانیشتن بەرانبەر بە تەلەڤزیۆن بۆ ماوەیەكی زۆر، هەندێك جاریش پاش سەفەرێكی دوور بە ئۆتۆمۆبیل. ناڕەحەتییەكە زیاتر بەشی خوارەوەی قاچەكان دەگرێتەوە، بەڵام لەوانەشە كە پێیەكان و ران و باسك و دەستەكانیش بگرێتەوە. بە جوولاندنەوە یەكسەر ناڕحەتییەكە نامێنێت، بەڵام پاش وەستاندنی جوولە ناڕحەتییەكە دووبارە دەگەڕێتەوە. ئەم كێشەیە لەكاتی دووگیانیدا كاتییە و زیاتر لە مانگی7 یان 8 ـەمی دووگیانیدا بەدی دەكرێت، ئینجا یەكسەر پاش منداڵبوون یان ئەوپەڕی تا ماوەی مانگێك پاش منداڵبوون لەخۆیەوە نامێنێت. ئەگەرچی هۆكاری تەواوی ئەم گرفتە نازانرێت، بەڵام لەوانەیە كە كەمی ئاسن، كەمی ڤیتامین B9، یان گۆڕان لە هۆرمۆنەكان بەتایبەتی بەرزبوونی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و گۆڕان لە سووڕی خوێندا هۆكار بن. دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كافائینییەكان وەكو چای، قاوە، كاكاو، هەروەها مەساجی قاچەكان، پاكی گەرم یان پاكی سارد Cold packs، وەرگرتنی گەرماو، پیادەكردنی تەكنیكەكانی خۆخاوكردنەوە Relaxation هەنگاوی ترن بۆ سووككردنی ناڕحەتی قاچەكان.
Top