ئەگەرچی ئەمە لە لایەنی زانستییەوە یەكلایی نەبۆتەوە كە بەكارهێنانی ڤیتامینەكان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشيی دڵ و نۆرەی دڵ كەم دەكەنەوە، بەڵام ڤیتامینەكان ئەو كاتە رۆڵیان دەبێت كە هەنگاوەكانی تری خۆپاراستن پەیڕەوبكرێن وەكو خۆراكی هاوسەنگ و تەندروستییانە، مەشقی وەرزشی رۆژانە، پرۆفایلێكی باشی چەورییەكانی خوێن، خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە یان كۆنترۆلكردنی لە تووشبووان بە شەكرە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان. هەندێك لێكۆڵینەوە جەخت لەوە دەكەنەوە كە ڤیتامین C و ڤیتامین E لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشيی دڵ و نۆرەی كەم بكەنەوە، چونكە ئەم ڤیتامینانە لەوانەیە كە رێگر بن لەبەردەم چەقینی یان نیشتنی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكان واتە رەقبوونی خوێنبەرەكان Artereosclerosis. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ڤیتامین D لەوانەیە رۆڵی هەبێت لە باشتركردنی تەندروستيی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن. ئەمەش زۆر گرنگە كە ڤیتامینەكان لە رێگای خۆراكی جۆراوجۆرەوە دابین بكرێن نەك لە رێگای دەنك و یارمەتیدەركانی ڤیتامین Vitamin supplements.