هەر لەو كاتەی كە دەنكی ڤیاگرا (سیلدینافیل Sildenafil) لە ساڵانی نەوەدەكان كەوتە بازاڕەكانەوە، چەندین كەس كە بەبێ رێنمایی دكتۆر ئەم حەبەیان بەكارهێنا دوچاری مردنێكی كتوپڕ بوونەوە، بۆیە هەر لەوكاتەوە كۆمپانیای پفیزەر Pfizer كە ڤیاگرای دۆزییەوە هۆشداری دا كە نابێت هیچ كەسێك لەخۆیەوە بەبێ رێنمایی دكتۆر و پشكنینی تایبەت دەنكی ڤیاگرا بەكاربێنێت. جگە لە مەترسی مردنی كتوپڕ، ڤیاگرا چەندین زیانی لابەلای هەیە، بۆ نموونە زیانە لابەلا باوەكان كە مەترسییان نییە بریتین لە: بەدهەرسی و ناڕەحەتی گەدە، سووربوونەوەیەكی كاتی دەموچاو و مل، سەرئێشە، لووتپژان. زیانە لابەلاكان كە بە كەمی روودەدەن بریتین لە: سووتانەوە و گیرانی لووت، سووربوونەوەی پێست، ئازاری جومگە، پشت ئێشە، سەرسووڕان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، چەند نیشانەیەكی نزیك لە نیشانەكانی هەڵامەت، گۆڕانێكی كاتی لە بینیندا، سكچوون. زیانە لابەلا دەگمەنەكان كە زۆربەیان مەترسیدارن، گرنگترینیان بریتین لە: هەستكردن بە دڵتوندی، ئاوی سپی Cataract، ئازار و سووربوونەوەی چاو، تێكچوونی بینین لەبەر خۆێنبەربوون لە تۆڕەی چاودا، تێكچوونی بیستن، ئازاری دڵ یان سینگەدڕە Angina، تێكچوونی لێدانەكانی دڵ، وەستانی تەواوی دڵ، دابەزینی پەستانی خوێن لەكاتی وەستاندا، لەخۆچوون، هەستكردن بە بێهێزی لەش، سك ئێشە، خەوزڕان، بۆرژان، خەونی ناخۆش، زیاد ئارەقەكردن.