كاڵەك یان گندۆرە Melons وزەیەكی كەم لەخۆدەگرێت، سەرچاوەیەكی زۆر دەوڵەمەندە بۆ ڤیتامین A بە شێوەی بیتا كارۆتین Beta-carotene كە ناوی زانستیی ئەم ڤیتامینەیە لە رووەكدا، بیتا كارۆتین لە لەشدا سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و دەگۆڕێ بۆ ڤییتامین A كە گرنگی زۆری بۆ تەندروستی چاو بەتایبەتی بۆ بینین لە تاریكیدا. پێكهاتە گرنگەكانی دیكەی كاڵەك بریتین لە: ڤیتامین C كە ڤیتامینێكی دژەئۆكسانە و بەرگری لەش دژی نەخۆشییەكان بەتایبەتی هەوكردنەكان بەهێز دەكات، رێژەیەكی بەرز لە پۆتاسیۆم كە گرنگە بۆ كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن، ریشاڵی رووەكی كە رۆڵی هەیە لە جێگیربوونی ئاستی شەكری خوێندا، ڤیتامین B6، فۆلێت، ڤیتامین B3 كە هەموویان گرنگن لە كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكە كاربۆهیدراتییەكاندا. كاڵەك سوودی تەندروستی تری هەیە وەكو: خۆپاراستن لە تووشبوون بە ئاوی سپی چاو Cataract، خۆپاراستن لە هەندێك جۆری شێرپەنجە، پاراستنی تەندروستیی كۆئەندامی هەناسە.