نیشاستە خراپەكان

نیشاستە خراپەكان
لەش بۆ دابینكردنی وزە پێویستی بە نیشاستەیە كە جۆرێكی كاربۆهیدراتە، بەڵام بۆ تەندروستی ئەوە گرنگە كە جۆری دروستی كاربۆهیدرات هەڵبژێریت. هەندێك جۆری نیشاستە جگە لە وزە ماددەی گرنگ لەخۆدەگرن لە ریشاڵ و ڤیتامین و كانزایەكان، بەڵام هەندێك جۆری تر گەدە پڕدەكەن بەبێ دابینكردنی هیچ ماددەی خۆراكی گرنگ، واتە تەنیا وزەی بەتاڵ Empty calories بە لەش دەبەخشن. كاربۆهیدراتەكان لە هەموو جۆرێكی ديكەی خۆراك زیاتر كاریگەری دەكەنە سەر ئاستی شەكری خوێن. نیشاستەی خراپ Bad starches بریتین لە كاربۆهیدراتی سافكراو Refined یان پرۆسێسكراو Processed، زیاد خواردنی ئەم جۆرەی نیشاستە دەبێتە ئەگەری قەڵەوی، چونكە زوو هەرس دەكرێت بۆ شەكری سادە و زوو هەڵدەمژرێتە ناو خوێن و ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی بەرزدەكاتەوە كە بە خێرایی دادەبەزێتەوە. خۆراكە سافكراوەكان وەكو برنجی سپی، نانی سپی، مەعكەرۆنە یان هەر جۆرێكی هەویركاری كە بە ئاردی سپی یان سفر دروست بكرێت، ئەمانە بە كرداری سپیكردن و لابردنی توێكڵ لە دانەوێڵەی تەواو تێپەڕ دەبن، ئەو بەشەی كە بەرزترین رێژەی ماددە گرنگەكان لە ریشاڵ، ڤیتامین، كانزا، ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت. خۆراكە شیرینەكان وەكو كێك و قەنادی و شیرینییەكان گروپێكی ترن لە نیشاستە خراپەكان كە زیاتر كالۆری بەتاڵ و كەمترین ماددەی گرنگ لەخۆدەگرن، چونكە زیاتر لە ئاردی سپی و بڕی زۆری شەكر دروست دەكرێن، بۆیە زیاد خواردنیان دەبێتە هۆی قەڵەوی و گرفت لە ددان.
Top