كانزای مەگنسیۆم Magnesium یارمەتی فرمانی دەمار و ماسوولكەكان دەدات، ریتمی لێدانەكانی دڵ رێكدەخات، رۆڵی هەیە لە پتەویی ئێسكدا، هاریكاریی لەش دەكات بۆ بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكە پرۆتینییەكاندا. نیوەی ئەو بڕە مەگنسیۆمەی كە لە لەشدایە لە ئێسكەكاندا خەزن دەكرێت، نیوەكەی دیكەیش لە خانە و شانە و ئەندامەكاندایە. سەرچاوە خۆراكییەكانی مەگنسیۆم ئەمانەن: دانەوێڵەی تەواو، تۆوەكان، سەوزە گەڵا تاریكەكان، شوفان Oatmeal پەتاتە، لۆبیا، فاسولیا، مۆز، میوەی ئەڤۆكادۆ، شیر، ماست، شوكولاتە. بەگشتی كەمبوونی مەگنسیۆم لە لەشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا زیاد دەكات، بەهەرحاڵ كەمیی مەگنسیۆم لە خۆراكدا دەبێتە ئەگەری چەند نیشانەیەك وەكو: هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، سڕبوون و تەزینی پەلەكان، ئازار لە ماسوولكەكان، تێكچوون لە ریتمی لێدانەكانی دڵدا، هێڵنج، هەندێك جاریش رشانەوە. ئەو هۆكارانەی كە هاندەرن بۆ تووشبوون بە كەمی مەگنسیۆم لە لەشدا بریتین لە: نەخۆشیی شەكرە، راهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، هەروەها لەپاش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی ریخۆڵە.