كۆمەڵەی ڤیتامین B هەر یەكەی بە تەنیا یان بە یەكەوە چەندین فرمانی گرنگیان هەیە بۆ هەر خانەیەكی لەش بەتایبەتی دابینكردنی وزە لە كاربۆهیردات و پرۆتین و چەورییەوە. هەندێك خۆراك رێژەی بەرز لە چەندین جۆری ڤیتامین B لەخۆدەگرن، بۆ نموونە ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین B1 ئەمانەن: سەوزە گەڵا تاریكەكان، دانەوێڵەی تەواو، نیسك، كاكڵەكان بەتایبەتی باوی. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین B2 بریتین لە: ماست، پەنیر، هیلیۆن، سەوزە گەڵا تاریكەكان، مریشك، ماسی، هێلكە. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین B3: گۆشتی قەلەموون، مریشك، ماسی سالمۆن و تونا، پاقلەمەنییەكان، دانەوێڵەی تەواو. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین B9 یان فۆلێت: سەوزە گەڵا تاریكەكان بەتایبەتی سپێناغ، میوەی تازە، دانەوێڵە. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە بایۆتین Biotin و ڤیتامین B5: ماست، پاقلەمەنییەكان، نیسك، پەتاتەی شیرین، برۆكۆلی، كوارگ، جگەر، هێلكە، ماسی سالمۆن، میوەی ئەڤۆكادۆ، پەنیر، دانەوێڵە. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین B6: گۆشتی پەلەوڕ، مۆز، سەوزە گەڵا تاریكەكان، پەتاتە. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین B12: ماسی، بەرهەمەكانی پاقلەی سۆیا، گۆشتی سوور.