بەگشتی بۆ دابینكردنی هەموو ماددە خۆراكییە گرنگەكان كە پێویستن بۆ تەندروستی وا باشترە كە سەوزە و میوەكان وەكو خۆیان یان هەتا بە توێكڵەوە بخورێن نەك بكرێنە شیرە. لیمۆ Lemon سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ ڤیتامین C كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە و رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش و دروستبوونی ماددەی كۆلاجین Collagen و شانە بەستەرەكان. لیمۆیەكی مامناوەندی نزیكەی 17 كالۆری وزە و 31 ملگم ڤیتامین C لەخۆدەگرێت، كەچی شیرەی یەك دانە لیمۆ نزیكەی 11 كالۆری وزە و 19 ملگم ڤیتامین C لەخۆدەگرێت، كەواتە بە گوشین یان وەرگرتنی شیرە لە یەك دانە لیمۆدا نزیكەی 12 ملگم ڤیتامین C ون دەبێت. بۆ دابینكردنی پێویستی تەواوی رۆژانە لە ڤیتامین C تەنیا لە لیمۆ، دەبێ بەلای كەم 3 لیمۆی تەواو بخۆیت یان 4-5 دانە لیمۆ بكەیتە شیرە، كەچی شیرەی یەك دانە پرتەقال نزیكەی 39 كالۆری و 43 ملگم ڤیتامین C لەخۆدەگرێت. لە لایەكی ترەوە، توێكڵی لیمۆش Lemon Peel بڕێك ڤیتامین C تێدایە كە دەگاتە نزیكەی 8 ملگم لە هەر كەوچكێكی گەورەی توێكڵی وردكراودا، بۆیە دەبینین كە سوود لە توێكڵی لیمۆ وەردەگیرێت بۆ ئامادەكردنی گەلێك خۆراك.