ڤیتامین C و كێشی لەش

ڤیتامین C و كێشی لەش
ڤیتامینC دژەئۆكسانێكی بەهێزە و رۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە، بەرگری لەش بەهێز دەكات، هانی كرداری چاكبوونەوەی برین دەدات، یارمەتی دروستیی شانە بەستەرەكانی لەش دەدات، هاریكاری هەڵمژینی كانزای ئاسن دەدات لە كۆئەندامی هەرسدا، هەروەها رۆڵی هەیە لە كرداری زیندەپاڵی پرۆتیندا. ئاستی یان بڕی ڤیتامینC لە خوێندا كاریگەرییەكی راستەوخۆی هەیە لەسەر توانای لەش بۆ سووتاندنی چەوری یان گۆڕینی چەوری بۆ وزە. بڕی ڤیتامینC لە لەشدا لەكاتی مەشقی وەرزشی و لەكاتی حەوانەوەشدا كاریگەری هەیە لەسەر كرداری ئۆكسانی چەوریدا Fat oxidation. لێكۆڵینەوەكانی زانكۆی ئەریزۆنا جەخت لەوە دەكەنەوە كە وەرگرتنی بڕی تەواوی ڤیتامینC لە رێگای میوە مزرەكانەوە رۆڵی هەیە لە هاندانی دابەزاندنی كێشی لەش، بۆ نموونە بڕی تەواوی ڤیتامینC ئۆكسانی چەوری بە رێژەی 30% زیاتر دەكات لەكاتی ئەنجامدانی مەشقێكی وەرزشی سووكدا. لە لایەكی تردا، كەمی ڤیتامینC لە خۆراكدا هۆكارە بۆ رێگرتن لە هەنگاوەكانی دابەزاندنی كێشی لەش، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ناكرێ كە ڤیتامینC وەكو چارەسەر بۆ قەڵەوی هەژمار بكرێت. مرۆڤی پێگەیشتوو رۆژانە پێویستی بە 60-80 ملگم ڤیتامینC هەیە.
Top