سیری وشككراو هەمان سوودی سیری تازەی نییە

سیری وشككراو هەمان سوودی سیری تازەی نییە
سیر Garlic لەبەر سوودە تەندروستییەكانی بە خۆراكێكی پزیشكی ناودەبرێت بەتایبەتی كە ئاوێتەكانی سولفەر لەخۆدەگرێت كە گرنگترینیان بریتییە لە ئەلیسین Allicin. لە لێكۆڵینەوەكانەوەكاندا هاتووە كە سیر توانای كپكردنی گرێی شێرپەنجەیی هەیە، هەروەها دژەئۆكسانێكی بەهێزیشە كە سوود بە كۆئەندامی دڵ و سووڕان دەگەیەنێت. هەروەها سیر رێگادەگرێت لە كۆبوونەوەی خوێنی مەییو لەناو بۆڕیەكانی خوێندا و ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ(LDL) دادەبزێنێت، واتە دەتپارێزێت لە نەخۆشيی دڵ. رێژەی ماددەی ئەلیسین لە سیردا پەیوەستە بە كوالیتی رێگای وشككردنەوەی سیر. ئەلیسین بە كاریگەری ئەنزیم لەناو سیردا پەیدادەبێت و ئاوێتەیەكی جێگیر نییە، چونكە بە خێرایی تێكدەشكێت بۆ چەند ئاوێتەی سۆلفەر بە گوێرەی كاریگەرییە كیمیایی و فیزیكییەكان. ئەلیسین زۆر هەستییارە بەرانبەر بە گەرمی، تیشكی خۆر، گازی ئۆكسجین، هەروەها بە وشككردنی سیر رێژەی ماددە گرنگەكانی تریش كەم دەبێتەوە بەتایبەتی ڤیتامین C، ڤیتامین B6 لەگەڵ رێژەی فلاڤۆنۆیدەكان كە ماددەی دژەئۆكسانن و سوودی تەندروستی زۆریان هەیە بەتایبەتی بۆ خۆپاراستن لە چەند جۆرێكی شێرپەنجە. كەواتە هەڵبژاردنی سیری تازە و فرێش گەلێك باشترە لە سیری وشككراو Dried garlic چونكە رێژەیەكی بەرزتر لە ئاوێتە گرنگەكانی سولفەر لەخۆدەگرێت.
Top