دەرزی ژەنین Acupuncture یەكێكە لە زانستییەكانی پزیشكی جێگرەوە Alternative medicine كە دەزری زۆر باریك لە شوێنی تایبەتی لەش دەژەنرێت بەمەبەستی كۆنترۆلكردنی چەند جۆرێكی ئازار. ئەمە لە گەلێك كەسدا سوودبەخشە بۆ كەمكردنەوەی هەستی ئازار بێ هیچ زیانێكی لابەلا، بەڵام بەگشتی گرانبەها دەوەستێت و كاریگەرییەكەی گارانتی نییە لەگەڵ ئەگەری روودانی هەوكردن. میكانیزمی كاركردنی دەرزی ژەنین تا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام لەوانەیە كە بە رێگای دامركاندنی هەستی ئازار لە سیستمی كۆنترۆلكردنی ئازار لە لەشدا كاری خۆی بكات. دەرزی ژەنینی سووودی هەیە بۆ سووككردنی: ئازار و سخبوون لە ئەنجامی هەوكردنی جومگەكان، شەقەسەر، ئازار و ناڕحەتییەكانی پەیوەست بە كاتی عادە، پشت ئێشە، سەرئێشە، ئازاری ددان، هەروەها بۆ كۆنترۆلكردنی كێش و لە چیندا وەكو بەنج بۆ هەندێك نەشتەرگەری بەكاردێت. گەلێك كەس پاش یەك جار چارەسەر ئازارەكانیان سووك دەبن، گەلێكی دیكەیش پێویستییان بە چەندین جار دووبارەبوونەوەی دەرزی ژەنین دەبێت. ئەگەرچی دەرزییەكان هێندە باریكن كە لەكاتی ژەنینیدا ئازار پەیدا ناكەن، بەڵام بەگشتی دەرزی ژەنین بەدەر نییە لە زیانی لابەلا، بۆ نموونە ئاوسانی شانەكان لە شوێنی ژەنینی دەرزییەكان، لەوانەشە ئەندامەكان زیانیان بەركەوێت. ئەگەر دەرزییەكان بە تەواوی پاك نەبن و پێست بە تەواوی لە میكرۆب پاك نەكرابێتەوە ئەوا لەوانەیە كە هەوكردنی شانەكان یان هەوكردنی جگەر رووبدات.