لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە نزیكەی 8 لە 10 كەسی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە لە قۆناغێكدا دوچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension دەبنەوە. ئەو نەخۆشانەی شەكرە كە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لێدەكرێت ئەمانەن: بوونی مەیلی خێزانی یان مەیلی زگماكی بۆ پەستانی بەرزی خوێن، ئەوانەی كە كێشی لەشیان زیادە یان قەڵەون، خواردنی بڕی زیادی خوێ، ئەوانەی كە سەوزە و میوە بە كەمی دەخۆن، ئەوانەی كە مەشقی وەرزشی ئەنجام نادەن یان بە كەمی ئەنجامی دەدەن، خواردنی بڕی زیادی ئەلكهول، جگەرەكێشان. لەسەر نەخۆشانی شەكرە پێویستە كە گرنگییەكی زۆر بە رێگاكانی خۆپاراستن لەم ئەگەرە بدەن، چونكە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بارگرانییەكی زۆر دەخاتە سەر كۆئەندامی دڵ و سووڕان و ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات وەكو نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك، هەروەها دەبێتە ئەگەری نەخۆشيی گورچیلە.